هەپەگە: سوپای تورکیا ٧١٢ جار لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردومانی ئەنجامداوە

Views: 2

هەپەگە ڕایگەیاند،  وێڕای ئاهەنگەکانی نەورۆز، سوپای تورکیا بەردەوام بوە لە بۆردومانکردنی چیاکانی کوردستان، دەشڵێت”سوپای تورکیا زیاتر لە ٧٠٠ بۆردومانی لە ئاسمان و زەوییەوە ئەنجامداوە”.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل ناسراو بە هەپەگە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویکردەوە”بەرپرسانی تورکیا بە زارەکی باس لەوە دەکەن، کە ئەم نەورۆزە وەک جەژنی بەهار و خوشک-برایەتی پیرۆز دەکەن، کەچی سوپای تورکیا لە ڕۆژانی نەورۆزدا بێ وەستان چیاکانی کوردستانی بۆردومان کردوە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە” تورکیا کە بانگەشەی دەکرد بەهار پیرۆزدەکات، ٧١٢ جار لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردومانی ئەنجامداوە و زیانی بە سروشتی ناوچەکانی کوردستان گەیاندوە”. 

بەگوێرەی ئامارێکی هەپەگە لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٢ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا، بە گشتی ١٤ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی ناوچە کوردستانییەکانی کردوە و لە ٢٠ و ٢١ـیشدا بە گشتی لەچەند ناوچەیەك ٧٩٨ جار بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن تۆپبارانی ئەنجامداوە.